۱۳۹۴ مرداد ۴, یکشنبه

دژایەتیی رۆشنبیرانەی ژن

سێکسیزم یان دژایەتیی سیستماتیکی ژن لە کۆمەڵگەدا یەکێک لەو هەڵسوکەوتە سەرەکیانەیە کە لەسەر هەڵاواردنی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بناخەڕێژ کراوە. ئەگەر ڕەیسیزم هەڵدانەوەی بنەما کولتووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هەڵاواردنی رەگەزییە لە کۆمەڵگەدا، ئەوا فێمێنیزم بزووتنەوە و قوتابخانەیەکە بۆ دەرخستنی بنەما و ژێرخانە ئاشکرا و داپۆشراوەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی. واتە لە ڕەیسیزمدا لە سەر ئەو بنامایانە کار دەکرێت کە مرۆڤ بە شێوەیەکی سیستماتیک لە رێگەی کولتوور، ئایین، یاسا و دابونەریتەوە دژایەتی تاقم و گرووپێک لە کۆمەڵگە دەکات تەنیا بەهۆی ڕەنگی پێست، یان نەتەوە یان زمان و رەنگە لە بەر ئایینێکی تایبەت کە لەو کۆمەڵگەدا بە خراپ، ناشیرین، ناحەز یان جاری وا هەیە نایاسایی و دژ بە ئایین ناسراوە. سێکسیزم ڕێک هەر ئەو شیوە هەڵاواردنەیە بەڵام دژ بە تاقمێک یان گرووپێک لە مرۆڤ، تەنیا لە بەر ئەوەی کە جنسەکەی ژنە. واتە دەبێ لە بەر چاو بگرین کە فێمێنیزم بە بەرجەستەکردنەوەی چەمکی "سێکسیزم" نایەوێت کە لە توندوتیژی پیاوێک بەرانبەر بە ژنێک یان جەور و جەفای باوکێک، برایەک، شوویەک یان یارێک، دژ بە کچەکەی یان ژنەکەی یان خۆشکەکەی یان دڵدارکەی قسە بکات. بەڵکو فێمێنیزم ئەو بزووتنەوە و قوتابخانەیەیە کە بنەماکانی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا دەر دەخات و هەوڵ دەدات بەرانبەری بوەستێت. 

ئەگەر مارکسیستەکان بنەمای هەموو هەڵاواردنەکانی کۆمەڵگە دەگەرەێننەوە بۆ "هەڵاواردن و شەڕی چینایەتی"، فێمێنیستەکان هەڵاواردنی ڕەگەزی بە دێرینەترین و گلۆبالترین سیستەم و بنەمای هەڵاواردنی مرۆڤ دژ بە مرۆڤ دیاری دەکەن. دەبێ ئاماژەش بەوە بکرێت کە قوتابخانە و بزووتنەوەی فێمێنیزم تا ئێستاش کەس نەیتوانیوە لە یەک ڕستە یان تەنانەت لە یەک کتێبیشدا پێناسەیەکی یەکسانی بۆ بدۆزێتەوە. فێمێنیزم دەتوانین بڵێن وەک چەندین و چەند ڕووباری جۆراوجۆرە کە هەموو لە دەریایەکی گەورەدا بە یەک دەگەن و ئەو دەریایەش لە دەوری یەک چەمک و بنەمای گشتی کۆ دەبێتەوە. دەتوانین بڵێن "فێمێنیستەکان ئەو کەسانەن کە بڕوایان بەوە هەیە کە هەڵاواردن و ستەمێکی سیستماتیک لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و لەلایەن گرووپێک لە جنسیەتێکی تایبەت، یان حەزێکی سێکسیی تایبەت بە ناوی هێترۆسێکشوالیسم کار دەکات. هەروەها بڕوایان هەیە و تێدەکۆشن بۆ ئەوەی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان لەو هەڵاواردنە دوور بخەنەوە و پاک بکەنەوە". ڕەنگە بکرێ ئەم ڕوانینە وەکوو فێمێنیستەکانی "شەپۆلی یەکەم" کە روانگەیەکی لیبڕاڵی هەیە و داوای مافە یەکسانەکان دەکات بۆ ژنان، پێناسە بکرێ. لەم ڕوانینەدا بڕوا لە سەر ئەوە بوو کە کۆمەڵگە بە سیستەم و دەوڵەت و دیسکۆرس و یاسا، پشتگیری لە پیاوان دەکات و ڕکابەری ژنانە. بۆیە دەبێت ژنان هەمان ئەو مافانەیان ببێت کە پیاوان هەیانە. گەورەترین ڕەخنە لە فێمێنیستە لێبراڵەکان، جیا لەوەی کە بنەماکانی نایەکسانی چینایەتی و ئابووری و.. هەروەها دەروونناسی و "بە کۆمەڵگەیی کردن (سۆسیالیزەیشن) لە بەر چاو ناگرن، ئەوەیە کە لەم روانگەدا هەمدیسان "پیاو"تەوەرەی شوناسی مرۆڤە و ئەوانیش وەک پیاو دەڕواننە ژیان و چەمکەکانی: دەبێت مرۆڤ بە پێوانەی پیاو بنرخێنین و ئەوە کە پیاو هەیەتی بۆ ژنیشی دەستەبەر بکەین. "شەپۆلی دووهەم"ی فێمێنیستەکان دەتوانین بە شەپۆلی مارکسیستی ناو ببەین کە دوای سەقامگیربوون و گلۆبالبوونی گوتاری مارکسیستی، لە زێدەی بوارەکاندا هاتە ئاراوە. ڕوانین و خوێندنەوەی خۆیان بۆ هەڵاواردنی جنسیەتیش خستە ئاراوە، کە هەروەک دەزانین ئەم ڕوانگەیە بنەمای هەڵاواردنەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆیلەتیی چینایەتی و لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە بە لابردنی هەڵاواردنی چینایەتی، ئۆتۆماتیک هەڵاواردنی جنسیەتیش لا دەچێت، چوونکە توانای پیاو لە سیستەمی پیاوسالاریدا دەگەرێتەوە بە خاوەنداریەتی "ئامرازەکانی بەرهەمهێنان". هانا ئارێنت وتەنی، "پیاوی کاریگەر کۆیلەی سەرمایەدارە و ژنیش کۆیلەی ئەو کۆیلەیە". ... ئەوەی کە فێمێنیستە مارکسیستەکانی خستە بەر ڕەخنە ئەوە بوو کە ئەوان تەنیا هەڵاواردنی چینایەتییان لە بەرچاو دەگرت. ئەدی ئەو پیاوە کاریگەرە کە کۆمەڵگە و سیستەم و یاسا ئیزن و هانی دەدات کە ژن بچەوسێنێتەوە لە کام گوتاردا دەگۆنجێت؟ هەروەها ئەوان بە گلۆباڵکردن و گشتیکردنی کێشەکان، کێشە تایبەتییەکانی ژنانیان لە بەرچاو نەدەگرت، یان پشتگوێیان دەخست. قۆناخی دوەمی شەپۆلی دووهەم، واتە فێمێنیستە سۆسیالیستەکان، بەڵام ڕوانینێكی تێڕوتەسەلتر و قووڵتریان بوو. ئەوان لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە کۆمەڵگە لە کۆمەڵیک سیستەمی هەڵاواردنی جۆراجۆر و هەمەرەنگ پێکهاتووە و ناتوانین تەنیا لە یەک سیستەمی هەڵاواردن ناو ببەین. بە بڕوای فێمێنیستە سۆسیالیستەکان فێمێنزم دژ بە هەموو بنەما و ژێرخانەکانی هەڵاواردنە، وەکوو هەڵاواردنی جنسیەتی، چینایەتی، زمانی، نەتەوەیی، سێکسی و تەنانەت ئایینیش. شەپۆلی سێی فێمێنیزم ناوی فراوانی لەخۆی گرتەوە چونکە تەنیا یەک ڕوانگەی نییە. هەندێ بە شەپۆلی پۆستمۆدیرن ناوی دەبەن، هەندێ بە شەپۆلی "فێمێنیزمی ڕەش"، هەندێکیش بە شەپۆلی فێمێنیزمی فەرانسەیی یانیش دەروننناسانە. یەکەم ڕەخنە کە لە ناو خودی گوتاری فێمێنیزمەوە لە فێمێنیزم گیرا، لە لایەن فێمێنیستە رەشپێستەکانەوە بوو. بە بڕوای ئەوان، ئەوەی کە تا ئەوکاتە بە ناوی فێمێنیزم تاووتوێ دەکرا، هەموو ڕەنج و دەرد و ستەم و خەون و دەغدەغەی "ژنی سپیپێستی چینی ناوەندیی کۆمەڵگەی ئەورووپی" بوو. واتە لەم ڕوانگەیانەدا وەکوو نموونە هیچ ئاماژەیەک بە تایبەتمەندییەکانی ژنانی رەشپێست نەدەکرا کە جیا لە چەوسانەوە و هەڵاواردنی چینایەتی و زمانی و جنسیەتی، ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزی و راسیستیش دەبوونەوە. وەک نموونە پرسیار ئەوەیە داخوا بۆ ئەو ژنەی کە تەنیا لە بەرئەوەی کە رەشپێستە کۆیلە کراوە، چ خوێندنەوەیەک لە فێمێنزمدا هەیە کە مافەکانی ئەو لەبەرچاو بگرێت. ئەرێ وەک نموونە بۆ وەها ژنێک مافی خاوەنداریەتی بە سەر پێوەندیی جنسیدا گرینگە یان مافی مناڵ لە بار بردن یان مافی خوێندن یان شۆرش دژ بە کۆیەلەتیی رەشپێستەکان؟ هەروەها وەک نموونەیەکی ئاشنا بۆ خۆمان: ئەدی بۆ ژنێکی کورد کە کێشەی نەتەوەیی، جنسیەتی و تەنانەت کولتووریشی هەیە فێمێنیزمی شەپۆلی لیبراڵ یان مارکسیست وەڵامی کام یەک لە پرسیارەکانی دەداتەوە؟ …. لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بوو کە ئەو شەپۆل و خوێندنەوانەی تری فێمێنیزم هاتنە ئاراوە کە گرنگی بە کێشە جیاوازەکانی ژنانی جیاوازتر لە ژنی سپیپێستی ئەورووپیی چینی ناوەندی دەدات. 

بەڵام ئەم وتارە نایەوێت لێردەا مێژووی بزوونتنەوەی فێمێنیستی بخاتە بەرچاو. ئەم پێشەکییە تەنیا بۆ دەستپێکردنی ئەوە بوو کە ئەوەی ئەمرۆ ئێمە بە ناوی بزاڤ و چالاکیی ژنان دەیناسین، هەمووی لە خانەیەکدا کۆدەبێتەوە بە ناوی فێمێنیزم.
 لام وایە لەم رۆژگارەدا کەس لە ناو  کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری، سیاسی و کولتووریدا ـ واتە هیچکام لە چالاکانی سیاسی، کۆمەلایەتی و ڕۆشنبیری، بە ڕاشکاوی دژایەتیی مافی ژنان هیچ کە ناکەن، بەڵکوو زۆریش خۆیان بە ئازادیخواز و پیشڕەو و تەنانەت دلسۆزتر لە ژنانیش دەردەخەن. 

پرسیار ئەوەیە دوای زیاتر لە یەک سەدە لە شۆرشی ئازادیخوزانەی کورد و لەگەڵ ئەوەی کە هەموو ئەم شۆرشانە بەشێک لە بنەمای بڕوای سیاسی و دروشمەکانیان مافی ژنان بووە، ئەدی بۆچی هیشتا ڕێژەی خۆسوتاندنی ژنانی کورد، ڕێژەی قەتڵی نامووسی، یان کوشتن لە سەر شەرەف، توندوتیژیی جەستەیی و دەرونی، توندوتیژیی بنەماڵەیی و سەرشەقام لە ئاستێکی هەرە بەرزدایە و بەشداریی سیاسیی ژنان لە پۆستە ژوورووەکانی حکوومەت، حیزب، پارلەمان و بەشداریی لە چاکییە رۆشنبیری و کولتوورییەکاندا هەر لە ئاستی خوارەوە دایە؟ ئەدی جیا لە هەموو ئەمانە بۆچی دوای ئەم چەندین سەدەیە هەر پیاوی کورد، لە هەر پلەیەکی خوێندەواری، سیاسەت، ڕۆشنبیری و...هتددا بێت، هەر کە تووڕە دەبێت و هەڵدەچیت یەکسەر ئەندام و جەستەی ژن دەکات بە ئامانجی هەموو کۆمپلێکسە جنسییەکانی سەردەمی منداڵی هەتا ئیستەی خۆی؟ 

هەر بۆیە دەبێ ئاوڕێک بدەینەوە لەو شێوازانەی کە تێیدا گوتاری رۆشنبیری پیاوسالار دژ بە ژن دەوەستێت و شیوازەکەی زۆر ئاراستەتر و ڕازاوەترە لە گوتارێک کە راستەوخۆ و بە ڕاشکاوی دژایەتی ژنان دەکات. لە دابەشکردنێکی گشتیی نێوان گوتارە رۆشنبیری و سیاسییەکانی کوردەواریدا، دەتوانین ئەم چوار گوتارە بەرجەستەتر لە هەموان ببینین. 
 گوتاری ناسیۆنالیستیی کوردی لەم گوتارەدا کێشەی کورد کێشەیەکی نەتەوەیی و وڵاتپارێزانەیە. واتە کورد لەبەر کوردبوون دژی هەڵاواردنێک بووەتەوە کە لە لایەن ئەویترەکانەوە کراوە ـ وەک عەرەب و فارس و تورک. هەروەها وڵاتەکەی هێشتا لە رۆژگاری کۆلۆنیالیزمی پاشماوەی ئیمپراتۆرییەکاندا ماوەتەوە و تا ئێستا نە کورد خۆی توانیویەتی مافە ڕەواکانی خۆی وەربگرێت و نە بەرانبەرکانیشی وەها شێوازێکی دێمۆکراتیکیان پێڕەوە کردووە کە ببێت بە هۆی گەڕانەوەی مافەکان بۆ کورد و پاراستنیان. لە پێناسەی گوتاری ناسیۆنالیستیی کوردیدا، مرۆڤی کورد کەسێکە کە پارێزەر و تێکۆشەری رێگەی بەدیهێنان و تێکۆشانی ناسنامەی کوردییە. واتە وڵاتپارێزی و نەتەوە و زمان پارێزی و ئیتر بەمجۆرە ... لەم گوتارەدا جیاوازییەکی ئەوتۆ بۆ ناسنامەی ڕەگەزی لەبەرچاو ناگیردرێت و وەکوو هەموو گوتارە ناسیۆنالیستییەکانی تری دونیا، مرۆڤ بە پێوەری "پیاوێکی هێترۆسێکشواڵ" دەنرخێنرێت. تەنانەت ئەگەر ناسیۆنالیزمی کوردی ئەو ڕەواییە بدا بە خۆی کە ناسیۆنالیزمێکی هەرشەکەر نییە بەڵکوو ناسیۆنالیزمێکی بەرگرە، لە شێوەکانی رووبەروبوونەوەی لەگەڵ دیکەی ناسنامەکانی کۆمەڵگە ـ وەک ژنان، هۆمۆسێکشواڵەکان، چین و توێژە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ئایین و مەزهەب و دیالێکتە جیاوازەکاندا هەر هەمان شێوەی ناسیۆنالیزمە داگیرکەرکانی خۆی گرتووەتە بەر. وەک نموونە ئەگەر لە ئێراندا زمانی فارسی و دیالێکتی فارسی تارانی و ئایینی شێعە، ئەویش بە پەیڕەویکردنی هەموو بایەخە پیاوسالارییەکانیەوە، وەکو ناوەندی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەناسرێ، ئەوا لە کوردستانی رۆژهەڵاتیشدا زمان کوردی سۆرانییە و ئایین مەزهەبی سوننەیە، بۆیە بۆ نموونە لە تەلەفیزیۆنی گوایە سێکۆلاری حیزبی دێمۆکراتدا لەوانەیە پیرۆزبایی جەژنی قوربان و ڕەمەزان لە بینەرانیان بکرێت بەڵام قەت پیرۆزبایی "جەشنی غەدیر" لە شێعەکان نەکرێت! بۆیە لەم گوتارەدا نەتەنیا زاراوەی کەڵهوری بە کوردی نەدەناسران، بەلکوو خەڵکی سنەش زۆرکات لە قسەی ژێرزمانی خەڵکدا بە کورد قەبووڵ نەدەکران و ئێساش دەستەواژەی "کوردی لاستیکی" کە بە کوردەکانی ئەردەڵانی و کەڵهوری و ئیلامی دەوترا، هێشتا لە ناو نەچووە. جا کە وایە ئەگەر گوتارێک وەک یەکسانیی ژنان بێتە ئاراوە، ئەوا تەنیا بەو مەرجە ڕەوایە کە ئامانجەکانی ناسیۆنالیزمی پیاوسالاری هێترۆسێکشواڵی سوننە مەزهەبی سۆرانی[موکریانی]ئاخێوی بەرجەستە بکاتەوە ... ئەگەر گوتارێکی ژنانە بێتە ئاراوە کە بۆنی ئەوەی لێ بێ "کێشە ڕەواکانی کورد" بباتە ژێر پرسیار و "ئێمە لە پرۆسەی خەباتی رزگاریخوازیمان بخاتە دواوە"، ئەوا ئەم گوتارە ناسیۆنالیستییە سۆرانیئاخێوە سوننە مەزهەبە ... بە تەواوی توانای خۆیەوە دژی دەوەستێتەوە ... ڕەنگە توندوتیژتر لە دوژمنیش بەرانبەری بوەستین، چونکە وەکوو خائین لە بەرچاو دەگیرێن و بەو کەسانە ناو دەبرێن کە ئێمەی کورد لە ڕێگای ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی دوور دەخەنەوە...

لەم گوتاری ناسیۆنالیزمەدا ژن بە شوناسی خۆی، وەک تاکێکی ئازاد بوونی نییە، بەڵکوو ژن یان دایکی نیشتمانە، یان خوشکی نیشتمانە، یان کچی نیشتمانە، یان ژنی پیاوێکی نیشتمانپەروەرە، دەنا لە باشترین حاڵەتدا دایکی شەهید و خوشکی شەهید و هاوسەری شەهیدە! ئەگەریش بێتو وەک خۆی بڕیار بێت قەبوول بکرێت، ئەوا تەنیا کاتێکە کە "جلی پیاوانەی شەڕ" لە بەر بکات و ببێتە "شێرەژن". لەم گوتارەدا ئەگەر کۆر و کۆمەڵێک بە ناو ژنانەوە دابمەزرێت، ڕەنگە ناوی بنرێت " کۆڕی ئافرەتان"! ژن لەم گوتارەدا، ئەگەر بوونەوەرێکە کە پەیەروەی بایەخ و نۆرمەکانی  کۆمەڵگەی ڕزگاریخوازی نەتەوەپەوەروە، ئامادەیە هەمیشە خزمەتی پێشمەرگە پیاوەکانی وڵاتەکەی بکات، ئەوا ژن بوونەوەرێکی جێگەی ڕێزە. ئەگینا ئەگەر لە ئەنجامدانی ئەمانە سەرپێچی بکات خائینە و دوژمنی خەباتی ڕزگاریخوازی گەل و نیشتمانەکەیەتی و لە خزمەت دوژمنان و بیانییەکان دایە، بۆیە خەریکە نەتەوە و گەل لە ئامانجە ڕەواکانی (کە پیاوان مافی دیاریکردنی ئەو ڕەواییانەیان هەیە)، خۆی دوور دەکاتەوە.. گوتاری چەپ و مارکسیستی پاش گوتاری ناسیۆنالیستیی کوردی، ناسراوترین گوتار لە  کۆمەڵگەی فەرمی و نافەرمی کوردیدا هاتووەتە ئاراوە و بەردەوام لە ئارادایە، گوتاری مارکسیستی/ سۆسیالیستی یان بڵێین گوتاری چەپە. لەم گوتارەدا، لەبەر ئەوەی بنەمای خوێندەنەوەکانی گوتاری مارکسیستی دەگرێتەوە بۆ کۆمۆنە و سۆسیال و بە گشتی بایەخدان بە "کۆمەڵ" و گرووپ لە بەرانبەر تاکدا، دیارە کە ڕوانگە تاکانە و تاقانەکان کەمتر بایەخیان پێ دەدرێت. جا ئەگەر ئەم بیرۆکە بێتە کۆمەڵگەیەکەوە کە پێشتر خۆی لە بنەما فکرییەکانی ‌تر: بایەخدان بە گرووپ، وەک گوتاری ناسیۆنالیستی کە "نەتەوەباوەڕ" و گوتاری ئایینی کە "ئۆممەت‌باوڕە"، ئەوا بنەما فکری و پراکتیکەکانی زیاتر ئامادەیە کە ئەو جۆرە کۆمەڵگەیە بە هێزتر بکات تا تاکایەتی یان گرووپی بچووکتر. لێرەدا گوتارە گشتگیرەکان بە بایەختر دادەنرێن لە بەرانبەر گوتارە گوایە گەچکەکاندا. بۆیە لەم بڕوایەدا، وەکوو دیکەی گوتارە سۆسیالیستییەکان، چالاکی و تێکۆشانی گشتی هەمان تێکۆشان و شۆرشی چینایەتییە و تێکۆشان و چالاکیگەلێکی وەک فێمێنیزم، ئەگەر وەک لەمپەرێک لەپێش شەڕی چینایەتی نەناسرێن، ئەوا وەک پێشخەری ئەم تێکۆشانەش ناناسرێن. ئەگەرچی حاشاهەڵنەگرە کە ئەم گوتارە لە هەموو گوتارەکانی تر هەوڵی زیاتری بۆ ئاشکراکردنی کێشە و کۆیلەتییەکانی ژنان داوە، بەڵام ئەمە زیاتر وەک خەباتێکی چینایەتی چاوی لێکراوە، نەک خەباتێکی ڕەگەزی. هەروەها گوتاری چەپ بەردەوام وەکوو دیکەی گوتارە خەباتگێڕەکان، خۆی بە گوتارێکی گشتی دەزانێت و ئەو مافە بۆ خۆی دادەنێ کە بە تەواوی بەشەر بڵێت، ڕێگای ڕزگاری تەنیا ئەمەیە کە ئێمە دەیڵێن، جا بۆیە ژنانیش دەبێت ئەم رێگەیە بگرنە بەر کە دوای سەرکەوتنی چینی کرێکار، دیارە زۆلم و کۆیلەتییەک نامێنی. بەڵام شێوازەکانی پیاوسالارانە لەم خەباتەدا بەردەوام دەبینرێت. لە ناو هەرە زۆری دامودەزگا چەپەکاندا هێشتا پیاو سەروەرە، پیاو خاوەنی کورسییەکانی پارتەکانیانە. پیاو بە گشتی دیاریی دەکات ژنان چی بکەن، چۆن تێبکۆشن، کەی تێبکۆشن و کەی تێنەکۆشن و تەنانەت لە هەندێ حاڵەتی ئیفراتیدا دیاریش دەکەن چی و چۆن لەبەر بکەن (وەکوو ئەوەی کە زۆر لە گرووپە مارکسیستی و چەپەکان لە بەر ئەوە مەکیاج و ئارایش و ڕازانەوە بە بەرهەمێکی سەرمایەداری و بۆرژوازی دەناسن، فەرمی و نافەرمی ژنانی ئەندامی خۆیان لەم شێوە جل لەبەرکردن و ڕازانەوە نەهی دەکەن). ئەم گوتارە بەڵام تەنیا گوتارێکە کە ژن بە "ئافرەت" خوشک، دایک و شتی وا ناو نانێت و ئەگەر کۆڕ و کۆمەڵێک بە ناوی ژنانەوە ببێت، دیارە ئەزموون پێمان دەڵێت ناوی دەنرێ کۆڕ یان کۆمەڵی "ژنان". لەم گوتارەدا ژن ئەگەر جەنگاوەرێکی خەباتگێڕی شەڕی چینایەتییە و خولیاکەی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و بێ ستەمکار و ستەمبەرە، کەوابوو بوونەوەرێکی بەڕێز و جێگەی ڕێزە، جیا لەوە زاڵوو و کرمێکی مردووی بۆرژوازی و سەرمایەدارییە و فاحیشەی ئاواتڕزاوی دەروونوێرانی حەزە بێ بایەخە تاکە کەسییەکانە! گوتاری ئایینی لە پێشدا ئەوە بڵیم کە بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە باسی ئایین دەکرێت، تەنیا یەک ئایین لە مێشکەکان دایە و ئەو ئایینەش ئیسلامە. ئەگەر کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری و حیزبی و سیاسیش ڕەخنە لە ئایین دەگرێ، ئەوا دیسان تەنیا ڕەخنە لە ئیسلامە. جێی سەرسووڕمان و پێکەنینە کە چەپەکانی لای ئێمە، کە پێڕەوی لە مارکس دەکەن، تەنیا باسی ئیسلام دەکەن کەچی ڕەخنەکانی مارکس و مارکسیزم لە دین گشتین ـ دیارە لە باسەکاندا مەسیحی یان یەهوودیەت وەک نموونە هێنراوە، بەڵام مەبەستەکە گشتییە و هەموو دینەکان دەگرێتەوە. کەواتە ئەگەر لەلای خودا، لە قورعانی پیرۆزدا "إن الدین عندالله اسلام"ە، وا دیارە لای رۆشنبیر و سیاسی و حیزبە سیاسییەکانی ئێمەش دین و ئایین هەر بە تەنیا ئیسلامە.

تا ئیستا کەس باسی بارودۆخی ژنی لە ئایینێکی تردا نەکردووە. دەتوانم بڵێم لە خوێندنەوەکانی خۆمدا لە لەسەر ئایینەکانی وەک یەهوودی، مەسیحی، ئیسلام، بوودایی و زەردەشتی، بارودۆخی ژن لە ئایینەکانی زەردەشتی و یەهوودیدا سەدان بەرانبەر خراپترە لە ئایینی ئیسلام. بە تایبەت لە ئایینی یەهووددا کە بە تەوای ژن وەک بوونەوەرێکی پیس پێناسە دەکرێ کە لە کاتی سێکسیشدا نابێ تماشای بکەی و لە کاتی قاعیدەی مانگانە دا نابێ ببینرێت و دەستی لێ بدرێت. ژن لەم ئایینە دا دەشفرۆشرێت.

ئایین خۆی وەکوو پیاوسالاری مێژوویەکی درێژی هەیە. جێگەی سەرنجدانە کە ئایینەکان لە گەڵ مێژووی مرۆڤدا و لە گەڵ گۆرانکارییەکانی مێژوودا تووشی گۆرانی بنەڕەتی و تەنانەت ژنباوەڕانە یان پیاوسالارانە بوون. ناکرێ لە بەر چاو نەگێردرێ کە پێش کۆمەڵگەی "کشتوکاڵ" ـ کە بنەمای دامەزرانی سەردەمی پیاوسالارییە ـ، واتە لە سەردەمانی "کۆمەڵگەی دایک پشتی"دا، ئێمە ئایینی تاکە خوایی نابینین یان زۆر بە دەگمەن دەبینین. لەو سەردەمانەدا، هەروەک هێشتا ئاسەوارە زمانییەکانی هەر ماوە، کۆمەڵگەی دینیش وەک کۆمەڵگەی ژن‌باوەڕ، کە "چەند هاوژیان" یان "چەند هاوسەر"ی بووە، کۆمەڵگەیەکی "چەند خوایی" هەبووە. وەک خوای باران، خوای شەڕ، خوای عەشق و هتد…(زۆر کەس بە هەڵە دەلێن دایک‌سالاری: دیارە ئەو دەستەواژەیە هەڵەیە، چونکە پێش کۆمەڵگەی پیاوسالاری ژیانی ئازاد یان بەرانبەری جنسی و سێکسی لە ئارادا بووە، هەر بۆیە لەبەر ئەوەی کە ژنێک رەنگە زیاتر لە چەند هاوژیانی سێکسی بووبێت، ئاشکرایە کە دیار نەبوو کە منداڵیك کە لە دایک دەبێت، هی کام پیاوە، بەڵام دایک هەمیشە ئاشکرا و دیارە، لەبەر ئەوە ڕەسەن و ڕەگ و ڕیشەی مرۆڤ دەگەرایەوە بۆ دایک. لە ڕاستیدا ئەو شتەی لە کوردەواریدا پێی دەڵێن "پشت"، دەگەرێتەوە بۆ باوک ئەو سەردەمانە دەگەرایەوە بۆ دایک. زۆربەی ئەنترپۆلۆجیستەکان یەکێک لە هۆکانی هەوڵی پیاو بۆ زاڵبوون بە سەر ژیانی ژندا بە گشتی و بە تایبەت ژیانی جنسیی ژندا، دەگەرێننەوە بۆ ئەم مەسەلەیە.) کەچی لە  کۆمەڵگەی کشتوکاڵ بە دواوە و پاش ئەوەی کێشەی میرات‌دابەشکردن و سامانی پیاو دێتە پێشەوە و هەر بەم هۆیە و لەبەر ئەوەی دیار نەبوو کە منداڵەکانی بنەماڵە هی کام پیاون و ئەم سەروەت و سامانەی پیاو دەبێ بە کێ بگات، کەم کەم ئەم بڕیارە دەدرێ کە ژن مافی ئەوەی هەیە کە تەنیا لە گەل یەک پیاودا پێوەندی سێکسیی هەبێت. ئەم یەک پیاوییە لە درێژەی مێژووی کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا دەبێت بە یەک مێڕد، یەک باوک، یەک خوا. بۆیە کە کۆمەڵگە بەرەوە یەک خوایی دەڕوات. لە زۆربەی ئایینە تاکخواییەکاندا، ژن یان لە پیاو بەدیهاتوە، یان لە درێژەی خواست و ئاوات و پێویستییەکانی "پیاو"دا. بۆیە بنەمای زیاتری یاسا و دابونەریتە ئایینییەکان هەر لەسەر ئەوە دانرواە کە ژن بوونەوەرێک بێت کە لە خزمەت پێداویستییەکانی پیاودا بێت، ژن وەک تەواوکەری پیاو. لە یەهوودەوە تا ئیسلام، لەزەردەشتەوە تا بوودا و کونفۆسیۆس، ژن بوونەوەرێکە کە مافی بوونی ـ وەک بوونەوەرـ هەڵبەستراوە بەوە کە چەنێ لە خزمەت پیاودایە و سزادانیشی تەنیا لە سەر ئەوەیە کە باش خزمەتی پیاوی نەکردووە. 

دووهەم کاریگەریی ژن لەسەر کۆمەڵگە، تەنیا توانای ئاوسبوونە و ژن بوونەوەرێکە کە دەتوانێت مناڵی لێ لە دایک بێت. هەڵبەت ئەم کاریگەرییەی ژن تەنیا تایبەت بە ڕوانگەی ئایینی نییە و دەتوانین بڵێین ئایین ئەم باوەڕە کۆمەڵایەتی و ئەم دابونەریتە فەرهەنگییە پتەوتر و پشتئەستوورتر دەکات. واتە بە گشتی لە ئایینشدا وەکوو دیکەی گوتارەکانی دیکەی کۆمەڵگە، ژن بە مەرجێک دەتوانێ بوونەوەرێکی جێی ڕێز بێت کە لە خزمەت ئاوات و ئامانجەکانی پیاودا بێت، وەچە و هاوشێوەی بۆ بخاتەوە. بەڵام لە ڕوانگە ئایینییەکەدا زیاتری دەخرێتە سەر و بابەتەکە لە بیروبڕوای ئایینییەوە دەپێچرێت و وەک قسەی خوا و پێغەمبەر و ئەمانە دەگوترێت و دەنووسرێتەوە. بۆ مرۆڤی ئیماندار کێشەکە ئیتر لە ڕەزامەندیی پیاو و کۆمەڵگە بە دەرە و دەگاتە ڕەزای خوا و ئیمان و دونیا و قیامەت. لە ئایینی ئیسلامەوە کە مافی سەروەریی ژن لە بنەماڵەدا بە پیاو دەدات و مافی جەستەشی ـ لە وەی کە "ژن مەزرای خۆتانە و لە هەر لایەکەوە دەێکێلن بیکێلن" تا کوو تەنانەت مافی لێدان و کوتەک. ئێستا ڕەنگە ئیسلامییە نوێخوازەکان بگەڕێن بە دوای تەفسیری وا دا کە گوایە ئەو لێدانە بە ١٠٠ دانە گەڵای ناسک دەبێت و ... کۆنفۆسیۆس دەڵێت: ژن لە ژیانیدا بەردە و پەیرەوی سێ پیاوە، کاتێ کە کچە، پەیرەوەی باوکیەتی، کاتێ کە مێرد دەکات هی پیاوەکەیەتی و کاتێ کە پیاوەکەی دەمرێ هی کورەکەیەتی. (جێی سەرسوڕمان نییە کە لە کۆمەڵگەی پێشووی ئەورووپیشدا سەروەت و سامانی ژن هی باوکی بووە پاشان هی مێردەکەی و پاشان هی کوڕەکەی!)

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە گوتاری نوێخوازی ئایینیدا، ئەوپەڕی نوێخوازی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە چۆن ژنی ئەمڕۆیی ئیمانداری کۆمەڵگەی مۆدێرن هەڵخەڵتێنن کە بە شێوازێکی نەرمتر بەم کۆیەلەتییە ڕازی بێت. ئەگەر لە گوتارەکانی تردا ژن بە لادان لە نۆرم و بایەخەکانی ئەو گوتارانە لەگەڵ سزای زمانی و سیاسی و کولتووری رووبەروو دەبێتەوە، لە گوتاری ئایینیدا بە داخەوە جیا لە سزای زمانی و کولتووری و… ڕەنگە لەگەڵ سزای جەستەییش ڕووبەڕوو بێتەوە، لە قامچی لێدانەوە بگرە تا بەردەبارانکردن و ... گوتاری عاشقانە یان ئەدەبی/ شاعیرانە چوارەم گوتارێک کە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا وەکوو دیکەی گوتارەکان بە ڕەسمی و ناڕەسمی باسی ژنی تێدا کراوە، ئەمن بە گوتاری عاشقانە یان گوتاری شاعیرانە ناوی دەنێم. لەم گوتارەدایە کە پیاو دەست دەکات بە ستایشی ژن. لە رواڵەتدا، ئەم گوتارە تەنیا گوتارێکە کە پیاو بە جوانی و شیرینی و زمانی ستایش و پاڕانەوە باسی ژن دەکات. لەم گوتارەدا ژن بۆ پیاو ئەو بوونەوەرە خەون و خولیایەیە کە تەواوی ژیانی خۆی بۆتەرخان دەکات و ڕەنگە تفەنگ و نیشتمان و ناسنامە و هەموو شتێکیش بەخت بکات لە پێناوی ژندا. "زەهر لە دەستی دەخوات" (گۆرانییەکی عەلی مەردان) تاوەکوو "مەمکی لە نارنجەک پێ خۆشەویست ترە" (شێعرێکی قوباد جەلیزادە) و "وەک کڵاشینکۆف دەیکاتە شانی" (گۆرانیی فۆلکلۆر) و ڕەنگە " كچێکیش بێت بە نیشتمانی" (شێرکۆ بێکەس) و هتد... وا نازانم زۆر پێویست بێت زیاتر ئەم گوتارە شی بکەمەوە چونکوو هەم ژنان ئەم گوتارە دەناسن و هەم پیاوان خۆیان وەک بەرهەمهێنەری ئەم گوتارە، بە باشی لێی تێدەگەن. ئەرێ چەند پیاوی کورد دەناسن کە سەدان گۆرانی و شێعری عاشقانە نەناسێت نەیخوێندبێتەوە؟

ئەم گوتارە جوانترین، پاراوترین، شیاوترین، رۆمانسیترین، مێهرەبانترین وشە، گوتار، وەسف و ڕوانین بەرانبەر بە ژن لە گوتاری پیاوەتیدا دادەنێت و دەڕازێنێتەوە. بەڵام وەک هەموو گوتارەکانی تری کۆمەڵگەی پیاوسالار "ژن"بوون لەم گوتارەشدا دیسان پێوەر و پێوانەی تایبەت بە مەیلی پیاوانەی خۆی هەیە. واتە ئەگەر ژن لەو گوتارە پیاوسالارانە رۆمانسییەدا بکەوێتە ناو خانەکانی وەهمی خۆشەویستیی پیاوانەوە، ئەوا شیاوی هەموو جوانییەکانی دونیایە. دیسان گوتاری دەسەڵاتە کە تەنانەت مەرجەکانی "خۆشەویست بوون" و دیسانەوە "ژنی باش" بوون دیاری دەکات. ئەگەر لە گوتاری ناسیۆنالیزمدا ژنی باش ژنێکە کە لە خزمەت پیاوی خەباتگێر و وڵاتپارێزدا بێت، یان ژنێکە نۆرم بایەخەکانی ناسیۆنالیستی وەک دایک و خۆشکێکی باش بڕازێنێتەوە؛ ئەگەر لە گوتاری مارکسیستیدا ژنی باش ژنی چەپی خەباتگێڕی شەڕی چینایەتی و دژ بە لیبڕاڵیزمە؛ ئەگەر لە گوتاری ئایینیدا ژنی باش ژنێکی بە دین و ئیمان و پەیرەو و چاولێکەری پیاوەکەیەتی، ئەوا لە گوتاری شاعیرانە و عاشقانەدا ژنی باش ژنێکە کە مەعشوقی منی پیاو ییت، هی منی پیاو بێت و ببێت بە دایک و خوشک و ژنی گۆرانی و شیعرە کانی من. ئەگەر بوو بە هی من ئەوا لە زیندانی عەشقی خۆمدا وەک کۆیلە دەیبەستمەوە و تەنیا مافی ئەوەی هەیە من لە وەسفیدا شێعر بڵێم، چیرۆک بنووسم، گۆرانی بڵێم. ئەگەر ژنێکی رۆشنبیریش بێت ئەوا ئەوپەڕەکەی کەسێکە کە جیا لەوەی ماڵەکە خاوێن دەکاتەوە و مناڵەکان بەخێو دەکات و لە کاتی نووسیندا ماڵەکەم بۆ هێمن و ئارام دەکات، یان بەوپەڕی بەخشەندگییەوە وتار لە وەسفی باشی ئامانجەکانی منی پیاودا بنووسێت، ئەگینا ئەوا ژنێکی بەڕەڵایە و یاخییە و بێحەیایەوە سووک و چنووکە و هتد... بە گشتی لەم گوتاری رۆمانسییەشدا، ژن بۆ پیاو بوونەوەرێکە کە ئەگەر لە گەڵ ئەو پیاوە تایبەتەدا ڕووت بێتەوە یان بخەوێت یان سێکس بکات، ئەوا پەیکەرە و خواوەندی جوانی و عەشق و باران و هیواو حەز و لەز و ئەم شتانەیە، بەڵام ئەگەر هەر ئەو ژنە پێش لەو پیاوە ناوبراوە، و پاش ئەو، لەگەڵ هەر پیاوێکی تر بخەوێت، دڵداری بکات یان تەنانەت چوار شۆخیش بکات، ئەوا هەر ئەو پەیکەرەی خواوەندی جوانی و عەشق و باران و دڵ و دڵدارییە دەبێتە قەحبەیەکی ئەبەدی و ئەزەلی... ئێستا دەگەڕینەوە سەر پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە کە چۆنە کە هەندێ پیاوان، کە ڕەنگە قارەمانی ناسیۆنالیستیی وڵاتەکەیان، قارەمانی مەیدانی ڕۆشنبیری، هەڤاڵ و ڕەفێقی کۆمۆنیست، مامۆستای زانکۆ و شاعیر و نووسەری بە ناوبانگی ساحەکە بن، کاتێک کە لە ژنێک یان پیاوێک تووڕە دەبن، بیانوی تووڕە بوونەکەش هەرچێک بێت، کورد گوتەنی دێ بە دەمیا و دەست دەکات بە بێرێزیکردنی سێکسی و جنێوی سێکسی داین کە بێگومان ژن لە ناوەندیاندایە؟ جیا لەوەی کە لە تاووتوێکردنی دەروونناسانەی مرۆڤدا، دەروونناسگەلێکی وەک فرۆید، "عەشق" و "مەرگ" یان " ئەوین " و "وێرانکردن" بە دوو غەریزەی سەرەکیی مرۆڤ دەناسن و لە پیاوی پەروەردەبوو لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری هیترۆسێکشواڵدا، سێکس هێشتا بەشێکی لە خراپکردن و وێرانکردن تێدایە. جنێودان بەشێکی هەرە ناسراوی توندوتیژیی زمانییە، جنێوی سێکسی دان توندوتیژیی جنسی و سێکسییە. پیاوێک کە توڕە دەبێت، لە بۆچوونی وشیار و ناوشیاریدا ژن بوننەوەرێکە بۆ وێرانکردن، بۆ خراپکردن. لەو کۆمەڵگە پیاوسالارەدا کە هەموو شت و چەمکەکان لە "دووانە زمانییەکان" دا بە دوو دابەش دەکرێن. ژن بە وتەی سێمۆن دووبوار "ئەوی تری" پیاوە. پیاو، ژن بە ئەوی تری خۆی دەزانێت و بۆیە لە هەرکام لەم گوتارانەدا کە باسمان کرد، ئەگەر بیەوێت ژن لە چوارچێوەی ئەوی تری خۆی دەربێنێت، تێدەکۆشێ کە نۆرم و بایەخەکانی خۆی بە سەریدا بسەپێنێت. ئەگەر ژن هاتە ژێر ئەو چوارچێوە فکرییانەی پیاوەوە، ئەوا ژن دەتوانێ خەباتگێر، مارکسیست، ئاییندار، مەعشوق و ... هتد بێت و لە باوەڕی پیاودا جێی ستایش بێت. هەر کە دەرچوو لەو چوارچێوانە، ئیتر دەبێتەوە بە "ئەوی تری" پیاو و دیارە کە جێگە و ئامانجی هێرشە. یەکەم هێرش و دوایین هێرشی پیاویش بۆسەر ژن سێکسە و جەستەی ژن. بۆیە ژن لە جەستەیدا کۆدەکاتەوە و ڕوو دەکاتە جەستەی ژن و جنێوی جەستەیی و جنسی پێدەدات. پرسیاری دوهەم ئەوەیە کە بۆچی پیاوە سێکۆلارە رۆشنبیرە سیاسییە چالاکە مەدەنییە هەموو شتەکان، زۆر جار دەڵێن ئەوان لایەنگری ژنانن، بەڵام دژ بە فێمێنیزمن؟ گەلۆ ئەم ڕوانینیە هەر ئەوڕ کۆن و سواو و ڕزاوەیە کە دەیەوە "ژن" وەکوو بوونەوەری خۆلیاکانی خۆی دەناسێنێت؟ واتە وەختێک پیاوێک دەڵێت من لایەنگری ژنم مەبەستی ژنێکە کە ئەو پێناسەی دەکات، دەنا چۆن دەبێت مرۆڤ لایەنگری ژن بێت و دژایەتی فێمێنیزم بکات؟ ئەمە جیا لەوەی کە گوتاری سەرکوتکەرانەی دەسەڵات بەردەوام گوتارێکی ناشیرینە: وەک نموونە سەرمایەداری، بزووتنەوەی کرێکاری وەک جەماعتێک دەناسێنێت کە نایانەوێت ئیش بکەن و هەموو بەرهەم و سەروەت و سامانی ئەو مرۆڤە داماوە دەوڵەمەنانەی کە زەحمەت و ڕەنجیان کێشاوە لە دەستی دەربێنن! یان گوتاری سیاسیی دەوڵەتانێکی وەک ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا کە دەیانەوێ بزووتنەوەی سیاسیی کوردی بە بزووتنەویەک (هەڵبەت زیاتر بە جەماعتێک چەتە) ناو بەرن کە دژی ئاسایشی نەتەوەیین و دەیانەوێ سنوورە ڕەواکانی وڵات ببەزێنن و لێکی هەڵوەشێننەوە! گوتاری پیاوسالاریش دەیەوێت گوتاری فێمێنیزم بە گوتارێک بناسێنیت کە دژ بە پیاوە، دەیەوێت هەموو ڕەنج و سەروەت و توانای پیاو داگیر بکات و دژ بە ڕەوایەتییەکانی بنەماڵە و عەشق و جوانی دەوەستێتەوە و ... بەڵام جیا لەوەش: فێمێنیزم لەخۆیدا بزووتنەوەیەکە، زیاتر لەوەی کاری بە سەر کاروباری پیاوەوە ببێت، لەسەر ژنان ئیش دەکات. بزوونتنەوەی فێمێنیزم، بزووتنەوەیەکە دیەوێت ژنان لە پێش هەرشتێکدا خۆیان بە بوونەوەرێکی ئازاد و خاوەن ڕۆڵ و پێگەی خۆی بزانێت، بەبێ ئەوەی خۆی گرێ بداتەوە بە ئاوات و ئامانجەگەلێکەوە کە پیاوان و کۆمەڵگەی پیاوسالاری دیارییان کردوون. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەیە کە پیاوی رۆشنبیر و سیاسی و چالاکی مەدەنی و وەرگێر و فیلۆسۆف و بیرمەند و نابیرمەند، لەو پەڕی خۆ بەڕۆشنبیرزانیندا دەڵێت من لایەنگری ژنانم بەڵام دژی فێمێنیزمم. 
 وەختێک فێمێنیزم دەیەوێت مافەکانی ژنان لە ژێر چەکمەی ناسیۆنالیزم، ڕکێفی شەڕی چیبایەتی، هێژمۆنیی ئامۆژگارییە ئایینییەکان و هەست و سۆزی گوتاری عاشقانەدا داپۆشرێت، کەواتە فێمێنیزم دەیەوێت ژن بەر لەوەی چالاکیی شەری چێنایەتی، وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری، ئایینداری و خوداباوەڕی و مەعشوقی مەیەل و کەیلەکانی عاشقی پیاو بێت، مرۆڤێکی ئازاد بێت. کە وابوو دیارە ژنێک کە فێمێنیست بێت، ئەگەر لە پارتێکی سیاسیدا بوو کە وتی بۆ ئێمە کێشەی نەتەوایەتی گەورەترە لە كێشەی ژن، ئەگەر وتی کێشەی شەڕی چینایەتی گەورەترە لە شەڕ و تێکۆشانی یەکسانیی ڕەگەزی، ئەگەر وتی ئاییندار بوون مەرجی ئەویە کە تۆ ڕێرەو و پەیڕوی پیاو بیت، ئەگەر وتی کە تۆ ببە بە کۆیلەی عەشقی پیاوانەی من ... ڕەنگە بە یەکجاری بڵێت "نا" و هەموو ئەو خەون و باوەڕ و ئامانجە ڕازراوە پیاوانانە بە جێ بێڵێت و بڵێت: من دەمەوێ مرۆڤێکی ئازد بم، بەخەونەکانی خۆمەوە. جا کە وای لێهات، گوتاری چەپ فێمێنیزم بە بزووتنەوەیەکی لادەر لە گوتاری شەڕی چینایەتی پێناسە دەکات. گوتاری ناسیۆنالیستی فێمێنیزم بە گوتارێکی خایین بە وڵات و گەل و نەتەوە دەناسێنیت و گوتاری ئایینی بە دژی خوای ناوی دەبات و گوتاری عاشقانەش بە گوتارێکی دژ بە وەفا و عەشق ناوی دەبات. بۆیە کە توڕە دەبن، دەم دەکەنەوە و جنێوی سێکسناوەندانە دەدەن، کە دەڵێن ئێمە لایەنگری ژنانین ـ وەک بڵێی ژنان "یانەی فوتباڵ"ن و لایەنگریان بوێت ـ بەڵام دژی فێمێنیزمن و ئەگەر بۆیان هەڵکەوێ وێنەی "ماکەر" بە ناو فێمێنیزم بڵاو دەکەنەوە و جنێوی سێکسی و جنسی بە ژنە چالاکە فێمێنیستەکان دەدەن و لاپەڕەش درووست دەکەن و بە سەربەرزییەوە دەڵێن کە "هەموومان گۆڵەکەرین"؛ هەڵبەت هەر بە راستیش هەموویان گۆڵەکەرن! پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە وەختێک تۆ دەڵێی لایەنگری ژنان و مافی ژنانی، چۆنە کە دژ بە فێمێنیزمی؟ چونکوو وەک "دیل ئیسپێندەر" دەڵێت و فەرنازی سەیفی کردوویەتی بە فارسی" فێمێنیزم قەت شەڕێکی هەڵنەگیرساندووە، هەرگیز کەسێکی دژ بە خۆی نەکوشتووە، هیچ دوژمنێکی بە برسیەتی نەهێڵاوەتەوە، هەرگیز توندوتیژیی نەکردووە، فێمێنیزم ئۆردوگای کاری زۆرەملیی دانەمەزراندووە، تێکۆشانی فێمێنیزم تەنیا بۆ مافی خوێندنی ژنان، مافی هەڵبژاردن، مافی بارودۆخی باشتر و یەکسانیی ئیش و کار، بۆ ئەوەی کە دەوڵەتەکان لایەنگری ژن و منداڵانی بێپەنا بن و بۆ دامەزراندنی باخچەی منداڵان بە خۆڕایی لە لایەن دەوڵەتەکانەوە، بۆ سەنتەرەکانی بەرگری لە قوربانییەکانی تەجاوز و توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی، ماڵی ئەمن و رێفۆرم لە یاساکاندا بۆ یەکسانی مرۆڤ تێدەکۆشێ." ئەگەر کەسێک بڵێت من فێمێنیست نیم یان دژ بە فمینیزمم من لێ دەپرسم … ها، بۆچی؟ بە ڕاستی کێشەی تۆ چییە؟

0 comments:

ارسال یک نظر